mardi 27 décembre 2011

كوژرانی یەڵداكان شیاوی چاوپۆشی نییە





وارڤین: چالاكوانی بواری ژنان (مەهین شوكروڵڵاپور) خەڵكی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانەو ئێستا لە پاریس دەژی، ئەو ماوەی چەندین ساڵە لە بواری یەكسانی  رەگەزیدا كار دەكات لەدیمانەیەكی تایبەت بە (وارڤین) ئەو باس لەرەوشی ژنانی كوردی خۆرهەڵات لەناو ئۆردوگاكانی حزبەكاندا دەكات و وێڕای شیكردنەوەی رەوشەكە، رەخنەی جدی لە سەركردایەتی حزبەكان دەگرێت و پێی وایە پێویستە سەركردایەتی حزبەكان بەجۆرێك فێمینیست بن تاوەكو بتوانن مافەكانی ژنان بپارێزن و لەبارەی كوژرانی یەڵدا ئەو ژنەی لەكەمپی بازیان بەدەستی هاوسەرەكەی كوژرا رەخنە لەبەیاننامەكەی سەركردایەتی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشان دەگرێت.

وارڤین: رەوشی ژنان لە ناو حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا چۆنە، مەبەست ئەوەیە، كە ئایا ژنان دەتوانن پێگە بەرزەكانی ناو حزب بەدەست بێنن؟

مەهین شوكروڵڵاپور: هەروەك دەزانن روانین بۆ ژنان لەهەموو جیهان لەگۆڕاندایە، ئازادی‌ و یەكسانی بۆ ژنان یەكێك لە فاكتەرەكانی‌ پێشكەوتنی‌ وڵاتانە لەجیهانی‌ مودێرندا و نیشانەی‌ كۆمەڵگەی‌ مودێرن و پێشكەوتووە.

وەك دەزانن، حزبە كوردستانیەكان كە بەگشتی‌ بە پێڕەو و پرۆگرامێكی‌ پێشكەوتوو بۆ گەیشتن بەسیستمێكی‌ یەكسانیخوازو پێشكەوتوو، گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی‌ دوور لە ستەم خەبات دەكەن. بەداخەوە ئەگەرچی‌ هەموو ئەوانە لە بەرنامەیاندا گونجێندراوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بە تەواوی‌ لە ئۆردووگاكانیاندا پەیڕەوی‌ بكەن، كە كۆمەڵگەیەكی‌ زۆر بچووكترو بەدەستەوەترە بۆ كۆنترۆڵكردن. چونكە ژنان بۆ گەیشتن بە پلەكانی‌ سەرەوەتر دەبێ‌ چەند هێندەی‌ پیاوان هەوڵبدەن و ئەمە خۆی‌ دەبێتە هۆی‌ گەلێك گرفت.

هەر لەمبارەیەوە ئەگەر سەیرێكی‌ رابردووش بكەین، بە ئاشكرا ئەمە لەخەباتی‌ پێشمەرگانەشدا دەبینین، ژنان بەوپەڕی‌ فیداكارییەوە بەشدارییان تێدا كردووە. ژنێك بۆ گەیشتن بە پلە بەرزەكانی‌ حزبێك دەبێ‌ رێگەیەكی‌ زۆر ببڕێت بۆ ئەوەی‌ بیسەلمێنێت شیاوی‌ ئەو پێگەیەیە. ئەمە لەحاڵێكدا بوو، كە بۆ پیاوان وانەبوو.

 بەرەنگاربوونەوەی‌ بیروباوەڕی‌ دواكەوتووانەی‌ ناو كۆمەڵگە، كەراستەوخۆ كاریگەری‌ لەسەر پەیوەندییەكانی‌ ناو حزبەكانیش هەیە، هەروەها لەمپەرەكانی‌ ناو حزبەكان، بەشێوەی‌ جۆراوجۆر دێنە سەر رێی‌ ژنان. ئەگەرچی‌ ئێستاش دۆخی‌ یەكسانی‌ لەئارادا نییە، بەڵام لەگەڵ‌ ئەوەش پێموایە هەر ئەم دۆخەی‌ ئێستا بەرهەمی‌ ژنان و پیاوانی‌ ئازادیخواز بوو، كە بەرچاوتەنگی پیاوسالارانەی‌ شكاندو هەلومەرجەكەی‌ گونجاوتر كرد.

مەسەلەی‌ سەرەكی‌ لەناو حزبە كوردییەكاندا ئەوەیە، ژنانی‌ سەربەخۆو كارامە بۆ گەیشتن بە پلە بەرزەكانی‌ حزب، دەبێ‌ لە زۆر فیلتەر تێپەڕن بۆ ئەوەی‌ بیسەلمێنن شیاوی‌ ئەو جێگەیەن. ئەمە لەكاتێكدایە، ئەم دۆخە بۆ ئەو ژنانە نابینرێت، كە بەجۆرێك لە جۆرەكان لەگەڵ‌ پیاوانی‌ سەرەوەی‌ حزب پەیوەندییان هەیە، هەڵبەت نابێ‌ بڵێین (100%)، بەڵام هەیە. ئەمەش یەكێك لە كولتوورە هەڵەكانە و تائێستاش بەرهەم دێتەوە.

وارڤین: لەمپەرەكانی بەردەم پێشكەوتنی ژنانی ناو حزبێكی وەك كۆمەڵە چین؟ بە هەموو باڵەكانیەوە؟

مەهین شوكروڵڵاپور: (كۆمەڵە) یەكەمین حزبە، ژنانی‌ لەهەموو بوارەكانی‌ چالاكی ناو كۆمەڵگەدا رێكخست و تابۆیەكی‌ شكاند، ساڵانێكی‌ زۆر بەمەیدانێكی‌ پیاوانە دەژمێردراو ئەمەی‌ لەمێژووی‌ خەباتدا تۆماركرد. ئەگەرچی‌ ئەوكاتیش گەلێك كێشەوگرفت لەسەر رێی‌ ژنان هەبوو، لەم باسەدا جێی‌ نابێتەوە.

گرفتی‌ سەرەكیی ژنان هەروەك پێشتر باسمكرد، بوونی‌ پەردەیەكی‌ نەبینراوە بەسەر ئۆردوگاكاندا. واتە ئەگەرچی‌ پێڕەو و پرۆگرامی‌ هەموو حزبەكان رێز لەیەكسانی‌ ژنان دەگرێت وەك مرۆڤ، بەڵام بەكردەوە ئەمە زۆر بە دەگمەن رەچاو دەكرێت. ئەم هزرە هەڵقوڵاوی‌ كولتووری‌ كۆمەڵگەیە بۆ ئەوەی‌ ژنان بۆ گەیشتن بە پلەكانی‌ سەرەوەی‌ حزب بەمجۆرە كارامەیی‌ خۆیان بسەلمێنن. بەڵام ئێمە داوایان لێدەكەین، وەك رێكخراوێكی‌ پێشكەوتوو دەرفەتی‌ ئەوە بخوڵقێنن، كە ژنان بەبێ‌ دڵەڕاوكێ‌ و بە بیرێكی‌ ئاسوودەوە خۆیان پەروەردە بكەن و ئەو هەلومەرجە بە پرۆگرام و پلانێكی‌ تۆكمە لەلایەن حزبەكەوە رەچاو بكرێت.

لەم بەستێنەدا ژنان دەبێ‌ سەرەتا لەگەڵ‌ هزری‌ پیاوسالاری‌ ناو حزبەكان بەرەنگار ببنەوە كە بەرهەمی‌ كولتووری‌ رابردووەو بەردەوام بەرهەمدێتەوە. كۆمەڵگەی‌ ئۆردوگانشین، كۆمەڵگەیەكی‌ داخراوە، دەتوانین بە كۆمەڵگەیەكی‌ گەورەتر لە بنەماڵەی‌ بچوێنیین، كە بەردەوام بە هاتنی‌ كەسانی‌ نوێی‌ هەڵگری‌ كولتووری‌ دواكەوتووانە، بەرهەمدێتەوە.

 لەزۆربەی‌ ئۆردوگاكاندا ماوەی‌ پەروەردەكردنی‌ پێشمەرگە لە 3 مانگ تێپەڕناكات. ئەمە خۆی‌ یەكێكە لەبوارەكانی‌ بەرهەمهێنانەوەی‌ ئەو كولتوورە.

وێڕای‌ ئەوەی‌، بەرپرسەكان سەرەڕای‌ ئەوەی‌ بڕوایان بەپرۆگرامەكەیان هەیە، بەڵام هێشتا پێگەی‌ راستەقینە بۆ ژنان بە رەسمی‌ ناناسن و ئەم بۆچوونە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

وارڤین: بەڕای ئێوە كۆمەڵە چۆن دەڕوانێتە پرسی ژن؟ یان باشترە وردتری بكەینەوە سەركردایەتی ئێستای ئەو كۆمەڵەیەی كە ئەو ژنەی تێدا بووەتە قوربانی چۆن دەڕوانێتە پرسی ژن؟

مەهین شوكروڵڵاپور: كۆمەڵە رەوتێكی‌ كۆمەڵایەتییە، باش یان خراپ كاریگەری‌ نەریت و كولتووری‌ دواكەوتووی‌ كۆمەڵگەی‌ لەسەرە. سەرەڕای‌ ئەوەی‌ ژنان بەردەوام لەحزبدا هەبوون و بەشێك لەهێزی‌ حاشاهەڵنەگری‌ حزب بوون، بەڵام سەركردایەتی‌ حزب نەیتوانیوە بەشێوەی‌ دروست ژنان لە ناو حزبەكەدا جێ‌ بكاتەوەو بیكاتە بەشێك لە هێزی‌ سەرەكی‌ و نەشاراوەی‌ خۆی‌. 

بوونی‌ ژنان لە كۆمەڵەدا گیروگرفتی‌ تایبەتی‌ خۆیشی‌ بووە. لەمپەریان لەسەر رێ‌ بووەو نەیانتوانیوە بەتایبەت لە سەركردایەتیدا جێی‌ خۆیان بكەنەوە. بەبڕوای‌ من سەركردایەتی‌ هەر حزبێك كە خۆی‌ بە داكۆكیكاری‌ ژنان دەزانێت، دەبێ‌ لە رووی‌ تیۆری‌ و كردەوە بەچەشنێك فمینیست بێت تا بتوانێت رۆڵی‌ ژنان لە ناو حزبەكەیدا بەرجەستە بكات.

هەڵبەت نابێ‌ ئەوەش بشارینەوە، جیا لە هەموو ئەم گرفتانە، لە كۆمەڵگەی‌ كوردستاندا ژنان بە هەوڵ‌ و تێكۆشانی‌ بێوچان توانیویانە لە كۆمەڵگەیەكی‌ نەریتیی‌ وەك كوردستان جێگە و پێگەیەك بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن و ئەمە خۆی‌ بەرهەمی‌ چالاكی‌ لە هەموو بوارەكانەو یەكێكە لە دەستكەوتە گەورەكان. 

هەڵبەت پێموایە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ توانایی‌ ئەو ژنانەی‌، جیا لەوەی‌ لەهەر حزبێكدا ئەندامن، دەگەڕێتەوە بۆ سەربەخۆییان لەناو حزبەكەدا. ژنان دەبێ‌ لە هەموو هەلومەرجێكدا سەربەخۆ بن، چونكە بانگەشە بۆ هزری‌ فێمینیستی‌ ئەركێكی‌ قورس و پێویستە لەسەر هەموومان.

 ئەمە تەنیا كەوتووەتە سەر شانی‌ ئەو ژنانەی،‌ كە لەحزبەكاندا ئەندامن، بەڵام نابێ‌ رۆڵی‌ پیاوانی‌ یەكسانیخوازیش لە لادانی‌ لەمپەرەكان و بەرزبوونەوەی‌ پێگەی‌ ژنان لە كوردستان و بەتایبەت لەریزەكانی‌ كۆمەڵەدا لەبەرچاو نەگرین.

وارڤین: وەك ژنێك كە لە دوور و نزیكەوە لە خەباتی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت كۆمەڵە ئاگاداری. رەوشی ژیانی ژنان لەناو كەمپەكانی كۆمەڵەدا چۆن دەبینیت؟

مەهین شوكروڵڵاپور: دەبێ‌ ئەوە روون بكەمەوە لێرەدا، لەگەڵ‌ ئەوە نیم وشەی‌ (كەمپ) لەجیاتی‌ (ئۆردووگا) بوترێت، چونكە ئۆردووگای‌ حزب جێگەیەكە كە ژنان و پیاوان تێیدا خەرێكی‌ كاری‌ شۆڕشگێڕانەن. بەڵام نابێ‌ بیشارینەوە كە كولتوور و دابونەریتی‌ دواكەوتوو كە لەدنیای‌ ئێمەدا بەردەوام دەبینرێت، كولتووری‌ خێڵەكی‌ و دەرەبەگایەتی‌ (هەژاری كولتووری‌، نەخوێندەواری‌ و كەم خوێندەواری‌، هەژاری‌ ئابووری‌، لەمپەری‌ كۆمەڵایەتی‌، دابونەریتی‌ هەڵە) دژە ژن بوونی‌ كردووەتە یەكێك لە توندوتیژییە هەرە بەرچاوەكان لە كۆمەڵگە نەریتیەكان و جیهانی‌ سێهەمدا، ئۆردوگاكانیش لەم یاسایە بەدەر نین. 

ئاشكرایە ژنان لە ئۆردووگاكاندا گەلێك كێشەو گرفتیان هەیە. هەر لە دواكەوتوویی‌ هەتا دژایەتی‌ و لەمپەرە ناوخۆییەكانی‌ حزب و زۆر كەموكورتیی دیكە، هەم وەك ژن و هەم وەك پێشمەرگە بەرۆكی‌ بە ژنان گرتووە.

ئەو سیستمەی‌ لە ئۆردوگاكاندا پەیڕەو دەكرێت، سیستمێكی‌ مودێرن و داڕێژراو نییە بۆ رەخساندنی‌ كەشی‌ یەكسانی‌ و هێشتا نەیتوانیوە بە داڕشتنی‌ بەرنامەیەك بۆ پەروەردە كردنی‌ گونجاو، هەنگاو هەڵگرێت، هەربۆیە ژنان هەروا پلە دوو ماونەتەوەو بە تەواوی‌ سوود لە تواناكانی‌ ئەم بەشە وەرنەگیراوە. بۆ گەیشتن بە یەكسانی‌ پێویستە چ كۆمەڵەو چ حزبە كوردییەكانی‌ دیكەی‌، كە بڕوایان بە یەكسانی‌ ژنان هەیە، بەرنامەی‌ پەروەردەیی‌ بەردەوام دابڕێژن لەپێناو چارەسەر كردنی‌ گرفتەكانی‌ سەر رێی‌ ژنان و هەموو حزب. خەباتێكی‌ شێلگیر پەیڕەو بكەن.

 بەداخەوە بینیمان هەڵوێستی‌ ژنان سەبارەت بەو كارەساتەی‌ لەو ئۆردوگایە روویدا، باش نەبوو، ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەو فمینیستییەمان نەبینی‌، كە چاوەڕوان دەكرا. هەر بەرپرسە ژنەكان لەجیاتی‌ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ‌ ئەم رووداوە، هەوڵیاندا دایپۆشن. هەڵوێستی‌ ژنانی‌ پێشەنگ و بەرپرس لە ناو حزبەكاندا لەمەڕ ئەم چەشنە رووداوانە، ئەگەری‌ دووبارەبوونەوەیان بە رێژەیەكی‌ زۆر كەمدەكاتەوە. ئەگەر بەرپرسە ژنەكان هەڵوێستی‌ گونجاویان لە هەمبەر رووداوەكانی‌ ناو حزبەكاندا هەبێت، رووداوی‌ وا نابینینەوەو یان بە رێژەیەكی‌ زۆر كەم دەردەكەوێت و ئەمە بۆ هەموو ئۆردووگاكانی‌ حزبەكان پێویستە.

وارڤین: ئۆردوگانشینی تا چ رادەیەك كاریگەری لەسەر رەوشی ژنانی ناو كۆمەڵە داناوە؟

مەهین شوكروڵڵاپور: ژیانی‌ ئۆردوگا ژیانێكی‌ قورس و ناخۆشەو ئەمە بۆ هەموو ئەو ژن و پیاوانەی‌ كاری‌ حزبی‌ دەكەن تا رادەیەك یەكسانە. ئۆردوگا خۆی‌ بەهۆی‌ دوور بوون لە كۆمەڵگە، سەرچاوەی‌ گرفتەو ئەمە ژن و پیاوی‌ بۆ نییە، بەڵام بەشی‌ ژنان لەم گرفتانە زۆر زیاترە.

هەروەك پێشتریش باسم كرد، بیری‌ ژن بوون بەگشتی‌ لە ناو حزبەكاندا و روانگەی‌ هەڵە سەبارەت بە یەكسانی‌ لە هەموو پلە حزبیەكاندا و فەزای‌ داخراو بۆ خۆنیشاندانی‌ ژنان، گەلێك لەمپەری‌ لەسەر رێیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی‌ گونجاو و بەها حزبیەكان. ئەوەشمان لەبیر بێت كە وەك دەڵێن: "ماسی‌ لە دەریادا باش پەروەردە دەبێت نەك لە رووبار".

وارڤین: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، دەست (وارڤین) كەوتوون، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین ژن لەناو كەمپەكانی كۆمەڵەدا كوژراون. بەڕای تۆ هۆكاری ئەم كوشتنانە چییە، عەقڵیەتی پیاوسالارییە یان هۆكاری دیكەی هەیە؟

مەهین شوكروڵڵاپور: ئەگەر سەیرێكی‌ ناو ئۆردوگاكان بكەین، رۆژانە لەگەڵ‌ توندوتیژیی خێزانی‌ (لە چوارچێوەی‌ ماڵەكاندا دەبینین، هەر ماوەی‌ جارێك ژنێك بە پەرێشانی‌ و بە لێدراوی‌ روو دەكاتە بەرپرسەكان) بەرەوڕووین، بە نموونەوە دەتوانین شیبكەینەوە، بەناوی‌ ئەوەی‌ ئەمە پەیوەندی‌ بە ژیانی‌ تایبەتیی‌ خێزانی‌ هەیە، بەخێرایی‌ و بە توندی‌ بەرەوڕووی‌ نابنەوە.

نابێ‌ حاشا لە بوونی‌ ئەو پیاوسالارییە بكەین و لەبەرچاوی‌ نەگرین، كە پەیڕەو دەكرێت. بەڵام كێشە خێزانییەكان، تێنەگەیشتنی دروست لە یەكسانی‌، هەژاری‌ كولتووری‌ و زۆر شتی‌ دیكە باس بكەین، بەڵام ئۆردوگای‌ كۆمەڵە هیچ دەستەبەرێكی‌ بۆ نییە. هەروەك باسم كرد؛ هەموو ئەو حزبانەو كۆمەڵە بەتایبەت، رەوتێكی‌ كۆمەڵایەتین، هەر لەو كۆمەڵگە دواكەوتووەوە ئەندام و هێز دەگرن.

ئەوانەی‌ دێنەناو حزبەكانەوە هەڵگری‌ كولتووری‌ دواكەوتووانەی‌ پیاوسالاری‌ و هەزاران گرفتی‌ دیكەن، بە نەبوونی‌ سیستمێكی‌ دروست لە فێرگەكانی‌ پێشمەرگایەتی‌ (سیستمی‌ سەقەت و پەروەردەی‌ كەم و شینەكردنەوەی‌ پرۆگرامی‌ حزب و كەمتەرخەمی‌ لە ئاست پەروەردە كردنی‌ ئەندامان) كاریگەری‌ زۆری‌ لەسەر ئەم كارەساتە بووەو ناوە ناوە كارەساتی‌ وا دەبینین. بە بڕوای‌ من ئەوە گرنگ نییە، كە ئێمە چەندە كادیر و ئەنداممان بێت.

گرنگ چۆنیەتی‌ و ئاستی‌ ئەو ئەندامانەیە، كە نوێنەرایەتی‌ باوەڕەكانمان دەكەن و هەركامەیان دەتوانن كاریگەر بن لەسەر ئەو كۆمەڵگە بچووكەو لەپێناو گەشەو بەهێز بوونی‌ حزبەكەدا یارمەتیدەر بن.

وارڤین: بەڕای ئێوە هۆكاری كوشتنی ئەو ژنانەی كە لەناو حزبەكانی رۆژهەڵاتدا و لە ئۆردوگاكانی باشووری كوردستاندا دەژین بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا بە واتای ئەوە نییە، ئەم حزبانە هێشتا نەیانتوانیوە كادیرەكانیان وەك پێویست پەروەردە بكەن كە رێز لە مافی مرۆڤ بگرن، یان هۆكاری دیكەی هەیە؟

مەهین شوكروڵڵاپور: ئەم پرسیارە یەكێك لە سەرەكیترین بابەتەكانە، كە دەبێ‌ لێی‌ وردبینەوە، چونكە بابەتی‌ پەروەردە یەكێك لە بنچینەكانی‌ هەر كۆمەڵگەیەكە، كەرۆڵی‌ دیاریكەری‌ لە بەرزبوونەوەی‌ ئاستی‌ هۆشیاریدا هەیە. من پێموایە بەپێی‌ پێڕەو و پرۆگرامی‌ كۆمەڵە بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی‌ یەكسان و دوور لە ستەم، كە بناغەی‌ حزبەكەی‌ لەسەر داناوە، دەبوو لە ئۆردوگاكانی‌ خۆیدا رەچاو بكرێت.

بۆ ئەوەی‌ لانیكەم نموونەیەكی‌ بچووك بێت لەو كۆمەڵگەیەی‌، لە سبەینێی‌ كوردستاندا دەیهەوێت. گرفتی‌ سەرەكی‌ لێرە دەردەكەوێت. كۆڵەكەی‌ سەرەكی‌ بۆ گەیشتن بە وەها دۆخێك لە ئۆردوگاكان، بوونی‌ بەرنامەیەكی‌ پەروەردەییە هەر لە سەرەتای‌ هاتنی‌ خوازیارانی‌ پێشمەرگایەتیەوە.

 ئەم پەروەردەیە دەبێ‌ لە پرۆگرامێكی‌ كردەوەیی‌ و بە بوونی‌ كادیری‌ لێهاتوو لە فێرگەو هەموو شوێنەكانی‌ دیكە رەچاو بكرێت، ئەندامی‌ نوێی‌ تێدایە، ئەم بەردەوام بوونە لەسەر پەروەردە دەبێ‌ بەردەوام تاوتوێ‌ بكرێت و نوێ‌ بكرێتەوە. هەروەك وتم، كۆمەڵە حزبێكە كە پەیوەندی‌ توندوتۆڵی‌ لەگەڵ‌ كۆمەڵگە هەیەو كولتووری‌ پیاوسالاری‌ رووی‌ تێدەكات.

تێنەگەیشتن لەم مەسەلە گرنگە لە ناوخۆی‌ حزبدا، دەبێتە هۆی‌ روودانی‌ كارەساتی‌ ناخۆش و قەرەبوو نەكراو، كە ئەنجامەكانی‌ هەموو حزبەكە دەباتە ژێر پرسیارەوە و تەنیا سەركردایەتی‌ لێی‌ بەرپرسە، پێمان خۆش بێت یان نا.

وارڤین: كۆمەڵێك نووسەرو رۆشنبیرو چالاكی مەدەنی لەبارەی كوشتنی (یەڵدا)وە بەیاننامەیەكیان دەركردو مەحكومیان كرد، بەڵام كۆمەڵە بەتوندی وەڵامی ئەو بەیاننامەیەی دایەوەو گوتی كە "ئەوانە نەیاری كۆمەڵەن". رات لەوبارەیەوە چییە؟

مەهین شوكروڵڵاپور: (یەڵدا) ئەو ژنەی‌ كە بووە قوربانی‌ توندوتیژی‌ پیاوسالاری‌، نەك لە كۆمەڵگەی‌ نەریتی‌ و دواكەوتووی‌ كوردستان، كە رۆژانە كوشتنی‌ ژنان بەبیانووی‌ پاراستنی‌ شەرەف و نەریتی‌ دواكەوتووانەی‌ خێڵەكی‌ و دەرەبەگایەتی‌ بەئاسایی‌ دەبینرێت، بەڵكوو لە حزبێكدا دەكوژرێت كە بە بەرنامەو دروشمەكانی‌، خۆی‌ بە پارێزەری‌ ژنان دەزانێت و هەڵگری‌ دروشمی‌ گۆڕانی‌ كولتووری‌ دژەمرۆیی‌ و دامەزراندنی‌ كۆمەڵگەیەكی‌ دوور لە ستەمە. لەگەڵ‌ رێزم بۆ هەموو حزبەكانی‌ كوردستان، بەڵام ئەم بابەتە جێی‌ چاوپۆشی‌ و كەمتەرخەمی‌ نییە.

مەسەلە پاراستنی‌ گیانی‌ یەڵداو یەڵداكانە، كە لەحزبە كوردستانییەكاندا دەژین و كار دەكەن و ئەو حزبانە بە شوێنێكی‌ پارێزراو بۆ خەبات لە دژی‌ هەموو ستەمەكانی‌ سەر ژن لە كۆمەڵگەدا دەزانن.

ئێمە ژنان و چالاكانی‌ مافەكانی‌ مرۆڤ چاوەڕوان بووین ئەو حزبە (كۆمەڵەی‌ شۆڕشگێڕی‌ زەحمەتكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران) بە توندی‌ و بەخێرایی‌ ئەم كارەساتە ئیدانە بكات و بە رەخنە گرتن، رووداوەكە وەك خۆی‌ روون بكاتەوە، بەڵام هەڵوێستی‌ بەپەلەی‌ ئەو حزبە، لەجیاتی‌ ئەوەی‌ چاوەڕوانی‌ لێكۆڵینەوەكان بێت، ئەم كارە قیزەونەی‌ پاساو كرد و رایگەیاند ئەم كوشتنە بە ئەنقەست نەبووە. وەڵامی‌ كۆمەڵە بۆ نەیاران، بەرچاوتەنگانە بوو و هاوكات لەجیاتی‌ ئەوەی‌ فەزای‌ دیالۆگ بۆ رەخنەگران بكاتەوە، ئەوانەی‌ بە "دوژمن"ناوبرد. بەیاننامە بەپەلەكەیان لەجیاتی‌ ئەوەی‌ تیشك بخاتە سەر روونكردنەوەی‌ رووداوەكە، بابەتەكەی‌ سڕییەوە و لەدرێژەشدا سووكایەتی‌ بە هەموو چالاكوانان كرد و بە "دوژمن" ناوی‌ هێنان.

مەگەر جیا لەوەیە كە ئێوە پارێزەری‌ ژنان و یەڵدان؟ یەڵدا بە ستەم كوژرا و ئێوە لەجیاتی‌ ئەوە داكۆكی‌ لە یەڵدا بكەن (بابەتی‌ سەرەكی‌) پشتیوانیتان لە بكوژەكە كرد و بەپەلە هەمووانتان دایە بەر پلار، كە هەموومانی‌ تاساند. بەبڕوای‌ من پێداچوونەوەیەكی‌ بنچینەیی‌ بە پەیوەندییە ناوخۆییەكانی‌ حزبەكەدا پێویستە. هەتا بەشێوەیەكی‌ بنچینەیی‌ بەرەوڕووی‌ نەبنەوە ئەگەری‌ دووبارەبوونەوەی‌ (جنایەت – تاوان) و كارەساتی‌ لەوچەشنە هەر لە ئارادایەو ئەم گرفتانە هەر ماوەی‌ جارێك، بەرۆكی‌ یەكێك لە حزبەكان دەگرێت.

گیانی‌ ئەو كەسانەی‌ لە ستەمی‌ ئاینی دەسەڵاتی‌ ئێران هەڵاتوون و بە متمانەیان بە حزبە كوردیەكان روو دەكەنە ئۆردوگاكانی‌ ئێوە، بە نرخە. رێز لەو مرۆڤانە بگرن و بۆ پاراستنی‌ بەهای‌ مرۆڤایەتیان هەوڵبدەن.

Aucun commentaire:

Enregistrer un commentaire